بەراوردکردن و لێکچوواندنی بلیمەتی و پێکهاتەی هێزی نیزامی، ڕاڤیار و شیکارگەر و پێکهاتەی فۆڕمی شەڕ، لە نێوان پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەگەڵ سەرکردەی هەڵکەوتووی جیهان واتە: (ناپلیۆن)

بێگومان، ئەگەر مرۆڤێکی دەمارگڕژ و چەقبەستوو نەبین، ورد و ژیر وەک خۆی مێژووی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی گەلان بیخوێنینەوە، گرنگترین ڕووداوەکان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخەن کە پێغەمبەری خوا (ﷺ)  پێشکەوتووتر بووە.
لەناو ئەو توێژینەوە وەک مرۆڤێکی باوەڕدار نادوێم و هەوڵی دەرخستنی ئەم ڕاستییە ئەدەم کە لە لاپەڕەکانی مێژووی هێزی نیزامی ئاماژەی پێکراوە و ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

ناپلیۆن، وەک کەسێکی بلیمەت و هەڵکەوتوو لەناو دۆخی هێزی چەکداری، هەر تاکتیکێکی جەنگی کە بەکاری هێناوە، دەبینین کە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەم بوارەدا لەو پێشکەوتووتر بووە. لەگەڵ ئەوەشدا ناپلیۆن پسپۆڕی جەنگ بووە، بەڵام لە هەندێک بارودۆخدا تووشی دۆڕان و لاوازی و نەمانی وزە بووە؛ لە کاتێکدا نە پێغەمبەر (ﷺ)، نە ئەو کەسانەی لەلایەن ئەوەوە پەروەردە کرابوون و دواتر بەشداری شەڕە گەورەکانیان کرد، تووشی دۆخێکی لەم شێوە نەبوون.

لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین لە سەردەمی پێغەمبەری خوا (ﷺ) کەرەستەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕ زۆر سنووردار بوون، بەڵام ناپلیۆن و هاوشێوەکانی بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی پێغەمبەر، پێداویستی زۆر گرنگ و بنەڕەتییان لەبەردەست بوو.
پێغەمبەر (ﷺ) لە هیچ کۆڵێژێکی سەربازی نەخوێندووە و ژیانی سەربازی خۆی بە سوپایەکەوە دەست پێکرد کە پێکهاتبوو لە( ۳۱٤) کەس؛ هێزێک کە لەلایەن سەرجەم هۆزەکانی عەرەب، گەمارۆ و ئابڵۆقەی ئابووری و سیاسی درابوون و قوورسی دژایەتی دەکرا.
لێرە مەبەست لەم توێژینەوە ئەوەنییە کە پێغەمبەر(ﷺ) وەک هاوچەشنی ئەوانی چاو لێکەین و یان خود لەگەڵ ئەم سەرکردانە یەکسان بکرێت، هەرگیز؛ بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە کە بڵێین: گەورەیی و تایبەتمەندیی و کاریزمابوونی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە هەموو لایەنەکاندا تەواو و بێوێنە بووە، بە پێچەوانەی زۆر کەس لە مێژوودا.
بۆیە بۆ بەراوردکردن لەگەڵ پێغەمبەر (ﷺ)، بەرچاوترین سەرکردەی سەردەمی نوێ، واتە: (ناپلیۆن) هەڵدەبژێرین.

هێندێک لە مێژوونووسانی دەم پاک و خاوەن قەڵەمی پڕبایەخ و ویژدان زیندوو ئەوە فێری ئێمە دەکەن کە: مرۆڤی گەورە وەک خۆی ڕێزی لێ بگرین و بە گەورەیی ببینین.
مێژوو مامۆستای سەرەکی و قوتابخانەی فێرکاری هەموو مامۆستایانە.

بێ ئەوە درێژە بە بابەتەکە بدەین دەچینە سەر باسی سەرەکی لێکچوواندنی پێغەمبەر و ناپلیۆن.


ناپلیۆن، بە شێوازێک دەستی بە جەنگ دەکرد کە لە ڕۆژگاری کۆندا شێوازی باوی شەڕ بووە. ئەوەی لە جەنگی جیهانیی نوێدا ڕوویداوە سەلماندوویەتی کە هێشتا هەنگاوی کۆتایی لە هەموو جەنگەکاندا هەمان شێوازە، هەرچەندە قەڵا و بارەگا و بەربەستەکانی سەردەمی نوێ هەن.
چیرۆکی ناپلیۆن، سەلمێنەری ئەوەیە کە داڕژشتن و پلانی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ شەڕ، لەگەڵ ئەوەدا کە کەموکووڕی پێداویستی جەنگ هەبوو، بە بەراورد لەگەڵ پلانی ناپلیۆن، جیاواز و دەگمەن بووە.


خاڵی یەکەم:
ناپلیۆن: ئامانجی یەکەمی ناپلیۆن هێزی سەربازیی دوژمن بوو، بەڵکوو لە کەمترین کاتدا بتوانێت هێزی سەربازیی دوژمن تووشی شلەژان کات و پەکی هێزەکە بخات.
ناپیلۆن، هیچ کات شارەکانی بە ئامانج نەدەگرت و خۆی بە کێشەی داگیرکردنی شارەکانەوە سەرقاڵ نەدەکرد؛ بەڵکوو سەرنجی تایبەتی لەسەر ئەو هێزە بوو کە دوژمن پشتی بەو دەبەست.

ناپلیۆن، لە پلان و داڕشتنی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی خۆی لەگەڵ هێزی بەرانبەر، سێ خاڵی جەوهەری و گرنگی لەبەرچاو دەگرت:

یەک: هەڵبژاردنی شوێنی گونجاو.
دووهەم:  هەڵبژاردنی کاتی گونجاو.
سێهەم: خێرایی و غافڵکردنی دوژمن، پێش ئەوەی دوژمن خۆی بۆ شەڕ ئامادە بکات.


پێغەمبەر؛ لێرە لە هەموو ئەم پلانانەدا لە ناپلیۆن پێشکەوتووتر بوو.
ئەو هەرگیز دەستپێشخەری دوژمنایەتی نەدەکرد، بەڵام ئەگەر  هەستی بەوەکردبا دوژمن مەبەستی شەڕکردنی هەیە، مۆڵەتی پێ نەدەدا؛ بەڵکوو هێرشی دەکردە سەری و لە هەموو توانا و پێداویستییە بەردەستەکانی کەڵکی وەردەگرت.

داوای لە هێزەکەی دەکرد، بە هەموو هێزی ماددی و مەعنەوی بچنە گۆڕەپانی شەڕ، و گوێی بە قسە و پڕووپاگەندەی دووڕووان نەدەدا کە چاوەڕێی شکستی هێزی چەکداری بوون و هەرگیز هیوا و ئارەزووەکانیان بەدی نەهات.

پێغەمبەر، گرنگییەکی زۆری بە هێزی سەربازی دەدا و نیگەرانی دەرەنجامەکەی نەبوو؛ هێزی دوژمنی لەناو دەبرد و کاتی بەفیڕۆ نەدەدا، نەکا دوژمن خۆی ئامادە بکات، هاوەڵانی لاواز ببن و گۆڕەپانی شەڕ و کۆنترۆڵی بارودۆخ بکەوێتە دەستی دوژمن؛ تەنیا لە ئەگەری هێرشکردن و مەترسییەکی لەناو چوون، وەک ئەوەی لە( شەڕی خەندەق ) ڕوویدا.


خاڵی دووهەم:

ناپلیۆن، ئاماژەی بەوە دەکرد کە: ڕێژەی هێزی مەعنەوی بە بەراورد لەگەڵ زۆریی ژمارەی بەشداربووی شەڕ، وەک ڕێژەی ( سێ بە یەک) وایە.

بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) زۆر پشتی بە هێزی مەعنەوی دەبەست، کە لە ڕاستیدا خۆی هێزی ئیمانە. زۆرجار لە هەندێک شەڕدا ڕێژەی هێزی مەعنەوی بە بەراورد لەگەڵ زۆری ژمارەی بەشدار بوو، گەیشتۆتە ( پێنج بە یەک)، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی جەنگاوەر و چەک و ئیمکاناتی جەنگی هەموویان لە خانەی ژمارەدا هەژمار دەکرێن.

مۆعجیزەی ئیمان لە ژیانی شۆڕشگێڕ و جەنگاوەری پێغەمبەر (ﷺ) زۆر جار لەوە زۆرتر بووە کە ناپلیۆن بەهۆی ئارامی و خۆڕاگری و ئیرادەی سەربازەکانی خۆی بەدەستی هێناوە.

پێغەمبەر (ﷺ)، بۆ شەڕ لەگەڵ عەرەبەکان، کەڵکی لە عەرەب، بۆ شەڕ لەگەڵ قوڕەیش، لە پیاوانی قوڕەیش، لەگەڵ هەر هۆزێک، لە پیاوانی هەمان هۆز کەڵکی وەردەگرت.

ئاشکرایە لە تایبەتمەندییە جەستەیی و دەروونییەکاندا جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان گەلە جیاوازەکاندا نییە؛ هەمان قسەش لەبارەی سەربازەکانی ناپلیۆنەوە ڕاستە؛ بۆیە بنەمای بەها و گرنگی لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە، هەمان باوەڕ و ئیمانە.

خاڵی سێهەم:
ناپلیۆن: لەگەڵ ئەوەی گرنگیی زۆری بە هێزی سەربازی دەدا، لە لێدانی هێزی دارایی  و ئابووری دوژمن کەمتەرخەم نەبوو و لە یەکەم هەنگاو هەوڵی لەناوبردنی ئەدا؛ چونکە ئەوانە بنەمای بەهێزبوون و مانەوەی دوژمن دەبن لە کاتی تەنگانەدا. ئەو لەگەڵ ئینگلتەرا بە ڕێگریکردن لە بازرگانی و کەشتییەکانی ئینگلیز بۆ گەیشتن بە قاڕڕەی ئەورووپا و مامەڵەکردنی ئینگلیز لە ڕێگەی فەڕەنسا، شەڕی دەست پێکرد.

پێغەمبەر(ﷺ)، پێش دەستپێشخەری بەرانبەری، لەگەڵ بەشی بازرگانی و ئابووری قوڕەیش شەڕی دەست پێکرد و هێندێک دەستە و گرووپی جەنگاوەریی بەدوای کاروانەکانی قوڕەیش دەنارد.

هێندێک نووسەری دەمارگڕژی ڕۆژاوا، ناردنی گرووپی چەکداری لەلایەن پێغەمبەر (ﷺ) بە ڕێگاکردن و دەستبردن بە مال و سامانی ناوچەکە ناودەبەن. لەڕاستیدا ئەمە لەشەڕدا جۆرێکە لە دەستگرتن و زاڵبوون بەسەر سەرچاوەکانی دارایی و ئابووریی کە: یاساکانی نێودەوڵەتی هەر خۆی لە مێژوودا ئەو جۆرە هەڵسووکەوتەی بە شتێکی فەڕمی دەناسێت.
سەرجەم فەرماندە سەربازییەکان لە هەموو سەردەمەکاندا ئەم کارەیان کردووە؛ ڕەنگە هێندێک جار بە شێوەیەکی قێزەون، و هەندێک جار بە شێوەیەکی گونجاو.


خاڵی چوارەم:
ئاماژەن بەو خاڵە کرد کە: ناپلیۆن گرنگی زۆری بە هێزی دوژمن دەدا و سەرەڕۆ و بێ ئامانج خۆی سەرقاڵی گرتنی شارەکان نەدەکرد...
ئێستا ئەگەر چاوخشانێکی کورت و وردمان هەبێ بۆ (غەزوەکانی) پێغەمبەر(ﷺ)، دەبینین کە پێغەمبەر هیچ شوێنێکی داگیر نەدەکرد، مەگەر ئەوەی داگیرکردن تەنیا ڕێگای بەکارهێنانی هێز بووبێت، کە ئەویش بۆ ڕێگریکردن لە ئامادەکاریی شەڕ و پەیمان‌شکێنی دوژمن بوو؛ وەک ئەوەی لە ئابڵۆقەکردنی(بنی قریظە، بنی قینقاع) ڕوویدا. لەڕاستیدا داگیرکردن و هێرشی چەکداری لەو گۆڕەپانە، خۆی دوژمن هەڵی بژاردبوو، و جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ هێرشکردنی ڕاستەوخۆ نەبوو.


خاڵی پێنجەم:
ناپلیۆن: وێڕای بلیمەت و لێزانی و ڕێکخستنی پلان و داڕشتنی شەڕ، زۆرتر پشتی بە بۆچوونەکانی خۆی دەبەست. پێش دەستپێکردنی شەڕ یان بڕیاردان بۆ جەنگ، لەگەڵ یاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای هێز ڕاوێژی دەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا پێداگر دەبوو لەسەر بڕیاریی خۆی.

بەڵام پێغەمبەر (ﷺ)، لەگەڵ ئەوەی لە کار و باری جەنگدا ڕامان و لێکدانەوەی لە بۆچوونی هەمووان جوانتر بوو، لە پلان و داڕشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەرگریی، بە ڕوویەکی کراوە ڕاوێژی کەسانی تری قەبووڵ دەکرد، بۆ نموونە: جووڵە پێکردنی هێز و شوێنی وەستانی لە کاتی شەڕی بەدر، کە: (حباب بن منذر) پێشنیاری کرد لە شوێنی یەکەمەوە بۆ شوێنێکی تر. هەر وەها لە ڕۆژی هەڵکەندنی خەندەق، پێشنیاری( سلمان فارسی)ی قەبووڵ کرد.
قەبووڵکردنی ڕاوێژی کەسی بە ئەزموون و خواردەست، نهێنی کەسی سەرکردە و یەکێکە لە شێوازەکانی سەرکەوتنی  فەرماندە گەورەکان؛ هەرچەندە پێغەمبەر (ﷺ) خۆی زۆر بە وردی ئاگاداری پەلامار و هێرشی دوژمن بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئاوڕلێدانەوەی چڕ و هەستیاری بووە بۆ پاراستنی سنوور  و پشتگیریی ئەو ناوچەی کە مەترسی هێرشی دووژمنی لەسەر بوو.
لە شەڕی ئوحوود، بەشێوەیەک هێزەکانی جێگیر کردن کە: پشت بە چیا بن و جێگەیەک کە شوێنی مەترسی بوو دووژمن بتوانێ کەڵکی لێوەرگڕێ بۆ هێڕشکردن، نزیک بە (۵٠) لە باشترین تیرهاوێژەکانی جێگیر کردن و تەنانەت بەڵێنی لێوەرگرتن کە: لە جێگەی خۆیان بوەستن و لە ئەگەری پەلامار و هێرشی دووژمن بۆ سەریان لەوێ بمێنن و بەرگری بکەن. مەبەست لە ئاماژەکردن بە بابەتی ڕاوێژکردن ئەوە بوو کە: پێغەمبەر(ﷺ) سەردەمی خۆی گرینگی پێداوە و ناپلیۆن دوای سەدەها ساڵ بایەخی پێ داوە.

ئەمە هەنگاوێکی گرینگە کە، سەرکردەی بە ئەزموونی وڵاتان بۆ داڕشتنی پلانی شەڕ کەڵکی لێوەردەگرن و وەک هەڵەیەکی نیزامی سەیری ناکرێت.



خاڵی شەشەم:
ناپلیۆن، لە سەردەمی نوێدا کەم سەرکردە بووە هێندەی ناپلیۆن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر دوژمنەوە هەوڵی دابێ و توانایی ئەوی نەبووە.

پێغەمبەر، لێهاتوویی و تیژبینی لەم بوارەدا جێی هەڵوەستەکردنە، بۆ نموونە: کاتێک نەیتوانی ڕاستەوخۆ ژمارەی هێزە سەربازییەکانی دوژمن بزانێت، بە هۆشیارییەوە ئەو کەسانەی بۆ لێکۆڵینەوەی هێزی بەرانبەر ڕۆشتبوون، پرسیاری لێکردن کە: چەند وشتریان سەربڕی؛؟ چونکە لەم ڕێگەیەوە دەتوانرا ژمارەی هێزی دوژمن بزانێت... هەر وەها بۆ بەدەستهێنانی هەواڵ و زانیاریی دوژمن، لە نزیکترین کەسی دوژمن کەڵکی وەردەگرت؛ ئەوانەی کە ئاگاداری نهێنیی سەربازییەکانی دوژمن بوون.


حەوتەم:
ناپلیۆن، مەترسی زۆری هەبوو لە زمان و قەڵەم و دەی گووت: ئەوەندەی ترسم هەیە لە ( ۴ ) قەڵەم، بەم ئەندازە لە هێزێکی لێهاتووی (١٠ ) هەزار کەسی ناترسێم.
پێغەمبەر، شارەزایی و وردبوونەوە و لێهاتوویی لەئاست پڕووپاگەندە و کاریگەریی لەسەر تێکچوونی ڕوحییەی هێزی چەکداریی  زۆر بوو؛ لەگەڵ ئەوەشدا بۆ وەدەستهێنانی نهێنی زیاتر کەسی کارامەی دەنارد بەڵکوو باردۆخی هێزی چەکداری دوژمن باشتر بناسێت.
هەندێک نووسەری دەمارگڕژی ئورووپایی، ئەم کارەی پێغەمبەر (ﷺ) بە شتێکی هەڵە و نەشیاو داناوە، واتە: ئەوان ئەو کارەی پێغەمبەر بەراورد دەکەن لەگەڵ ڕفاندنی ( دوق دانجان)، و شاعیری ئینگلیزی ( کولە دک ) لەلایەن ناپلیۆن، کە: گۆیا بێڕێزی بە ناپلیۆن کردووە و خەڵکی بۆ دژایەتی کردنی هان دەدا...
حاشا لەوە ناکرێت کە: جیاوازیی نێوان ئەم دوو بارودۆخە زۆرە؛ لەڕاستیدا شەڕی سەردەمی ئیسلام بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی، و بانگەواز و بەرگری لە باوەڕ بوو، یان جەنگێک بوون لە نێوان یەکتاپەرستی و بۆتپەرەستی. هێزەکانی سەردەمی ئیسلام لە گۆڕەپانی شەڕدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبوونەوە.
لە کاتی ئاشتەوایی کەس مافی ئەوەی نەبوو بە تانە لێدان هێرش بکاتە سەر ئایینی پێغەمبەر (ﷺ).
بەڵام زۆربەی شەڕەکانی ناپلیۆن لەگەڵ دوژمنەکانی، جەنگی سوپا و چەک بوون، بۆیە ئەو مافی ئەوەی نەبوو لەسەر کەسێک کە چەکدار نەبوو، چەک بەرز بکاتەوە، لێرە هیچ یاسایەک ڕێگەی بە خوێنڕشتنی ئەو نەدابوو؛ چونکە ناپلیۆن بۆ بڵاوکردنەوەی ئاین و جێبەجێکردنی شەرع و ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی هەنگاوی نەناوەتەوە.

بێگومان ئەگەر پێغەمبەر(ﷺ) ئامانجی وەک مەبەستی ناپلیۆنی هەبووایە، دەبوو لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دژایەتیی ئایینی ئەویان دەکرد، بە هێمنی  هەڵسووکەوت بکات، تەنانەت ئەگەرچی هێندێک لە دوژمنەکانی بەرانبەر بەو شەمشێریان بەرز نەکردەوە؛ بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا، لێدان بە شمشێر ئاسانتر بوو لەو لێدانەی کە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوە و پروپاگەندە ئەنجام دەدرا؛ بۆ نموونە: هەڵسووکەوتی پێغەمبەر لەگەڵ ئەو ئابڵۆقە ئابوورییەی کە بۆ ماوەی (٣) ساڵ بەردەوام بوو؛ نە کڕین و فرۆشتن، نە هاوسەرگیری، نە خواردن و نە ئاو، کارێکی نەشیاو و نامرۆڤانە لەئاست پێغەمبەر و هاوەڵانی، ئەو دیمەنە ترسناک و دڵتەزێنانەی دەبینی بەڵام هێرشی نەکردە سەر لایەنی بەرانبەر و هاوەڵانی خۆشی هان نەدا.
هەر وەها هەڵسوکەوتی خەڵکی ( طائف) لەگەڵ پێغەمبەر(ﷺ) نەک هەر وڵامی بانگەوازیی لەلایەن ئەوان بە نەخێر بوو؛ بەڵکوو بەهۆی بانگەشەکردنی ئاینەکەی، بە بەرد و دار هێرشیان کردە سەری، تا جەستەی پیرۆزی خوێناوی بوو؛ بەڵام پێغەمبەر نزای خێری بۆکردن، لەگەڵ ئەوە کە پەروەرێنی بێهاوتا دوای دڵدانەوەی توانایی تۆڵەسەندنەوەی پێدا؛ بەڵکوو  خۆڕاگر بوو و ئامادە نەبوو ئازاری هیچ کام لەوان بداتەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەو هەموو دیمەنانەی بینی، لە ڕۆژی هاتنە دی مرازی دڵی ( گرتنەوەی مەککە ) هەموو کەس دەیزانی کە خەڵکی مەککە چۆن مامەڵەی قێزەون و ناخهەژێنی لەگەڵ کردبوو؛ بەڵام هەڵسووکەوتی ئەو لەگەڵ خەڵکی مەککە و دوژمنە کۆنەکانی، بە شێوەیەکی دەگمەن و دڵخۆشکەر بوو.
فەرمووی: چیرۆکی من و ئێوە وەک چیرۆکی یووسف و براکانی وایە.

ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی کوشتنی مرۆڤێکی دەرکردبا، سەدان کەس بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکەی ڕیز دەبوون؛ بەڵکوو هەندێک لەوان پێویستیان بە فەرمانیش نەبوو و تەنیا چاوەڕوانی مۆڵەت بوون، بەڵام ئەو خۆڕاگر و لێبوردە بوو.

تێبینی:
بە کورتی بەراوردکردنی پلان و شێوازی داڕشتنی شەڕ و لێکدانەوەی پێغەمبەر (ﷺ)، کە پێش ناپلیۆن بەکاری هێناون، ناپلیۆن دوای سەدان ساڵ گەیشتە ئەو شێوازە.
پێویستە بەر لەوەی گەورەیی هێزی چەکداری و جۆری چەکەکان بپێوین، بەهای بلیمەتی و لێهاتوویی فەرماندەیی بە بەهای بیرۆکە و پلانەکەی بپێوین؛ چونکە پێغەمبەر(ﷺ) هەرگیز شەڕی وەک پیشە و پیشەسازییەک بەکار نەهێنا.
بەڵام ئەگەر کەسێک توانیبێتی کارەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات و بگاتە ئامانجەکەی، لەڕاستیدا خودی پێغەمبەر (ﷺ) لە هەموو سەرکردە جەنگییەکانی سەردەمی نوێ پێشکەوتووتر بووە. لە کاتێکدا سەرکردە جەنگییەکانی سەردەمی نوێ لە پەیمانگە و کۆڵێژی سەربازی پەروەردە کراون و بەشێکی زۆری ژیانیان تەنیا لە شەڕ پێک هاتووە و تا کۆتایی ژیانیان ئارامییان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان نەیانتوانیوە بگەنە ئەو ئاستەی کە سەرکردەیەک کە خوێندەواری کۆڵێژی سەربازی نەبوو، بەڵکوو لەناو زیخ و بەرد و لێمی دەشت و دەوەنی ناوچەی عەڕەب پەروەردە بووە.